Dubai

نەشتەرگەریی بای‌پەسی گەدە

بای‌پەسی گەدە جۆرێک نەشتەرگەریی دابەزینی کێشە بە شێوەی دروستکردنی کیسێکی بچووک بە گەدە و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی ئەم کیسە نوێیە بە ڕیخۆڵەباریکەوە. دوای ئەنجامدانی بای‌پەسی گەدە خۆراکی قووتدراو سەرەتا دەچێتە ناو ئەم کیسە بە گەدە چێکراوە و لەوێوە یەکڕاست دەڕواتە ناو ڕیخۆڵەباریکەوە. بەم شێوازە کیسەی دروستکراو وەک قەدبڕێک بەشی هەرەزۆری گەدە و یەکەم بەشی ڕیخۆڵەباریکە بەدەر دەکات.

 

بای‌پەس یەکێک لە باوترین جۆرەکانی نەشتەرگەریی قەڵەوییە. بای‌پەسی گەدە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە پارێزی خۆراکی و وەرزش سوودبەخش نابێت یان کاتێک کە بەهۆی کێشەوە بەرەوڕووی کێشە تەندروستییە مەترسیدارەکان بوونەتەوە.

ئامادەیی پێش نەشتەرگەریی بای‌پەسی گەدە

پێدەچێت بۆ دوا حەفتەکانی پێش نەشتەرگەری داواتان لێ بکرێت بەرنامەیەکی وەرزشی دەست پێ بکەن و واز لە جگەرە کێشان بێنن.

ڕێک پێش نەشتەرگەری لەوانەیە خواردن و خواردنەوەکانتان و هەروەها ئەو دەرمانانەی بۆتان هەیە بەکاری بێنن سنووردار بکرێت.

ئێستا کاتێکی باشە تا پێشوەختە بۆ چاکبوونەوەی پاش نەشتەرگەری پلان دابنێن.

کاتێک نەشتەرگەری سەرکەوتوو نابێت!

لەوانەیە دوای نەشتەرگەری بە ڕادەی پێویست کێش دانەبەزێنن یاخود دیسان کێشتان بەرز ببێتەوە. ئەگەر پابەند نەبن بە گۆرانکارییە ڕاسپێردراوەکان لە بواری ستایلی ژیان لەوانەیە دابەزینی کێش ڕوو نەدا بۆتان. بۆ نموونە ئەگەر بە بەردەوامی خۆراکە پڕکالەرییەکان بەکار بهێنن، ئەوە پێدەچێت کێشی پێویست دانەبەزێت. بۆ پێشگیری لە گەڕانەوەی کێش، پێویستە گۆڕانی تەندروستیی هەمیشەیی پێکبێنن لە سیستەمی خۆراکیتاندا و بە ڕێکوپێکی وەرزش و چالاکیی جەستەیی بگرنە بەر.

 گرنگە کە دوای نەشتەرگەری لە هەموو ڤیزیتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی بەدواداچوون بەشداری بکەن، چون بەم شێوە پزیشکەکەتان دەتوانێت چاوەدێریی ڕەوتی دابەزینی کێشتان بکات. ئەگەر بینیتان کێش کەم ناکەنەوە یان دوای نەشتەرگەری تووشی لێکەوتەی جیددی بوون، خێرا سەدردانی پزیشکەکەتان بکەن.

ئەگەرچی نەشتەرگەری بای‌پەسی گەدە بە فراوانی ئەنجام دەدرێت، بەڵان نەشتەرگەریی سڵیڤ کەڵکی زیاترە و دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆرتری هەبێ لەسەر دابەزاندنی کێش و ڕاگرتنی کێش.

بۆچی بای‌پەسی گەدە

بای‌پەسی گەدە بەهۆی سوودبەخش‌بوون بۆ دابەزاندنی کێشی زیادە و کەمکردنەوەی مەترسیی کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە کێش کە هەڕەشەی پۆتنشیەڵیان لەسەر ژیان هەیە ئەنجام دەدرێت؛ لەوانەش:

  • ڕیفلەکسی گەدە بۆ سوورێنچک
  • نەخۆشیی دڵ
  • زەختی خوێنی زۆر
  • کۆلیسترۆلی زۆر
  • هەناسە لێبڕان لە کاتی خەودا
  • شەکرەی جۆری ٢
  • جەڵتە
  • شێرپەنجە
  • نەزۆکی

زۆربەی کات بای‌پەس تەنیا لەدوای هەوڵدان بۆ دابەزاندنی کێش لەڕێگای چاکسازیی سیستەمی خواردن و وەرزش، وەک ڕێچار هەڵدەبژێردرێت.

مەترسییەکانی نەشتەرگەریی بای‌پەس

وەک هەر نەشتەرگەرییەکی گەورە، بای‌پەسی گەدە و جۆرەکانی تری نەشتەرگەریی دابەزینی کێش هێندێک مەرترسیی پۆتنشیەڵیان بۆ تەندروستی هەیە، چ لەکورتماوەدا چ لە درێژماوەدا.

مەترسییە پەیوەندیدارەکان بەم نەشتەرگەرییەوە هاوشێوەی هەموو نەشتەرگەرییەکانی سکە و دەتوانێ بریتی بێت لەمانە:

  • خوێن‌بەربوونی لەڕادەبەدەر
  • هەوکردن
  • دژکردەوەی نەخوازراو بە لەهۆش‌چوونی کاتی نەشتەرگەری
  • خوێن‌مەیین
  • کێشەکانی سی و هەناسەدان
  • دڵۆپەکردنی کۆئەندامی هەرسەک

 

مەترسی و لێکەوتەکانی بای‌پەسی گەدە لە درێژماوەدا دەتوانێت بریتی بێت لەمانە:

  • گیرانی ڕیخۆڵە
  • سەندرۆمی دامپینگ کە دەبێتە هۆی سک‌چوون، هێڵنج و ڕشانەوە
  • بەردی زراو
  • فیتق
  • (Hypoglycemia) شەکرەی کەم
  • بەدخۆراکی
  • کون‌بوونی گەدە
  • برینەکان
  • ڕشانەوە
جراحی چاقی موضعی

بای‌پەس بۆ کێگەلە؟

بەگشتی بای‌پەست گەدە و جۆرەکانی تری نەشتەرگەریی دابەزینی کێش دەتوانێت بژاردەیەک بێت بۆ ئێوە، کاتێک کە:

  • ئێوە ٤٠ یان زیاتر لەمە بێت (قەڵەویی تووش) BMI
  • ئێوە لەنێوان ٣٥ تا ٣٩.٩ بێت (قەڵەوی) و هاوکات گیرۆدەی کێشەیەکی تەندروستیی مەترسیدار بن کە پەیوەستە بە کێشەوە؛ لەوانەش شەکرەی جۆری ٢، زۆریی زەختی خوێن یا هەناسە لێبڕان لە کاتی خەودا. جێی ئاماژەیە ئەگەر ئەم ژمارەیە ٣٠ تا ٣٤ بێت، بە مەرجی هەبوونی کێشەی تەندروستیی پەیوەست بە کێش، لەوانەیە هێندێک جۆری تایبەتی نەشتەرگەری گونجاو بێت بۆتان.

بەڵام بای‌پەس بۆ هەموو کەسانی تووشیاری قەڵەویی تووش گونجاو نییە؛ لەم دۆخەدا لەوانەیە پێویستتان بە جێبەجێ‌کردنی ‌هێندێک ڕێنمایی پزیشکی بێت بۆ ئەوەی شایستەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی قەڵەوی بن. هەروەها بە ئەگەری زۆر دەربازی پرۆسەیەکی بەرفراوانی پشکنینی پێشوەخت بن تا بزانین ئایا نەشتەرگەری بۆتان گونجاوە یان نا(screening).

جگەلەمە دەبێ خۆتان خوازیاری پێکهێنانی گۆڕانکاریی هەمیشەیی بن لەپێناو ستایلێکی تەندروست بۆ ژیان. لەوانەیە داواتان لێ بکرێ لە پرۆگرامە درێژماوەکانی بەدواداچوون بەشداری بکەن کە بریتی دەبن لە چاوەدێری کردنی خواردن، ستایلی ژیان، ڕەفتارەکان و بارودۆخی پزیشکی

ئەوەی دەتوانن چاوەڕێی بکەن
نەشتەرگەریی بای‌پەسی گەدە لە نەخۆشخانە ئەنجام دەدرێت. بە گوێرەی چاکبوونەوەتان، مانەوە لە نەخۆشخانە یەک تا دوو ڕۆژ دەخایەنێت؛ بەڵام دەشێت زیاتریش بێت.

پێش دەسپێكردنی نەشتەرگەری، بێهۆشیی گشتی وەردەگرن. بێهۆشی دەرمانێکە کە بە درێژایی نەشتەرگەری بە ئاسوودەیی دەتانخەوێنێت.

تایبەتمەندییەکانی بای‌پەس بۆ گەدەی ئێوە، پشت‌بەستەیە بە دۆخی تاکەکەسی و بڕیاری پزیشک. هێندێک لە نەشتەرگەییەکان بە دروسکردنی قەڵشتی گەورە و کلاسیک لەسەر سک ئەنجام دەدرێت (نەشتەرگەریی ئاوەڵا). سەرەڕای ئەمەش زۆربەیان هەر بە شێوازی لاپاراسکۆپی جێبەجێ دەکرێن کە بریتییە لە بردنەژوورەوەی کەرستەکان لەڕێگای چەند قەڵشی بچووکی سەر سک

 دوای چێ‌کردنی قەڵشتی لاپاراسکۆپیک یان ئاوەڵا، نەشتەرگەر بەشی سەرووی گەدە دەبڕێت و ڕێی لە باقی گەدە دادەخات. ئەم کیسە دروستکراوە نزیکەی یەک گوێز قەبارەیەتی و تەنیا دەوری یەک ئۆنس خۆراک لەخۆ دەگرێت. بە شێوەی ئاسایی گەدەی ئێوە دەتوانێت نزیکەی ٣ کۆپ خۆراک لەخۆ بگرێت

پاشان نەشتەرگەر ڕیخۆڵەباریکە دەبڕێ و پاژێکی ڕاستەوخۆ بە سەری کیسەکەوە دەدوورێت. لەمەودوا خۆراک دەچێتە ناو ئەم کیسە بچووکەی گەدە و لەوێشەوە یەکسەر دەڕوا بۆ ڕیخۆڵە باریکە وا لێک دووراوان. بەم چەشنە خۆراکەکان بەشی زۆری گەدە و پاژی سەرەتایی ڕیخۆڵەباریکە قەدبڕ دەکەن و یەکڕاست بەرەو پاژی نێوەندیی ڕیخۆڵە دەگوازرێتەوە.

بەگشتی نەشتەرگەری چەند کاتژمێر دەخایەنێت. دوای نەشتەرگەری ئێوە لە ژووری ڕیکاڤێری لە خەو هەڵدەستنەوە، ئەو شوێنەی کادری پزیشکی چاوەدێری لە ئێوە دەکات لەبەرابەر سەرهەڵدانی هەر جۆرە لێکەوتەیەک.

دوابەداوی نەشتەرگەری پێدەچێت بتوانن تراوەکان بخۆن بەڵام خۆراکی ڕەق ڕێ‌پێدراو نییە، چونکە گەدە و ڕیخۆڵەتان لە سەرەتای ڕەوتی چاک‌بوونەوەدان. پاشان دەبێ پرۆگرامێکی خۆراکیی تایبەت پەیڕەو بکەن کە بە هێمنی لە تراوەکانەوە دەرباز دەبێت بەرەو خۆراکە وردکراوەکان(پوورە). دوای ئەمانە بۆتان هەیە خۆراکە نەرمەکان بەکار بێنن، دواجاریش ڕوو بکەنە خۆراکە ڕەقەکان چونکە هەنووکە جەستەتان بەرگەی دەگرێت.

پێدەچێت کەم یا زۆر سنوور بخرێتە سەر چییەتی و چەندێتیی خواردن و خواردنەوەکانتان. پزیشکەکان لەم بارەویەوە پێشنیار دەدەن کەڵک وەربگرن لە پڕکەرەوەکانی ڤیتامین و کانزا وەک مۆڵتی‌ڤیتامینەکانی هەڵگری ئاسن، کالسیۆم و بێ-١٢

هەروەها لە چەند مانگی یەکەمی دوای نەشتەرگەری، پشکنینی لەپەستای پزیشکیتان دەبێ بۆ چاوەدێری‌کردنی تەندروستیتان. لەوانەشە پێویستیتان هەبێت بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک تاقیکاریی لابراتۆری، تاقیکاریی خوێن و پشکنینە جۆراوجۆرەکان.

پێدەچێت بەهۆی کاردانەوەی جەستەتان بە دابەزینی خێرای کێش لە ٣ بۆ ٦ مانگی سەرەتایی دوای نەشتەرگەری، بەرەوڕووی هێندێک گۆڕانکاری ببنەوە؛ لەوانەش:

  • ئازاری جەستە
  • هەست بە شەکەتی کردن، چما پەتاتان گرتووە
  • هەست بە سەرما کردن
  • وشک‌بوونی پێست
  • ناسک‌بوونەوە و وەرینی قژ
  • گۆڕانکاری لە خوو و مەزاج

بای‌پەسی گەدە دەتوانێت دابەزینی کێشی درێژمەودا بە شوێن خۆیدا بێنێت. ئەو بڕە کێشەی دایدەبەزێنن، گرێدراوە بە جۆری نەشتەرگەری و گۆڕانکاری لە عادەت و ستایلی ژیان. دابەزینی کێشی زیادە بەڕێژەی ٧٠ لەسەد و تەنانەت پتریش لە ماوەی ٢ ساڵدا ڕێتێچووە.

جیا لە دابەزینی کێش، بای‌پەسی گەدە دەتوانێت ئەو گرفتانەی کە زۆربەی کات پەیوەندییان بە کێشەوە هەیە، چاکتر یان چارەسەر بکات؛ لەوانەش:

  • نەخۆشیی ڕیفلێکسی گەدە بۆ سوورێنچک
  • نەخۆشیی دڵ
  • زەختی خوێنی زۆر
  • کۆلیسترۆلی زۆر
  • لێبڕانی هەناسە لە کاتی خەودا
  • شەکرەی جۆری ٢
  • جەڵتە
  • نەزۆکی

جیا لەمە بای‌پەس دەتوانێت تواناتان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروفرمانە ڕۆژانەکان بەرز بکاتەوە کە ئەمەش کواڵێتیی ژیانی ئێوە بەرز دەکاتەوە.

فۆڕمی تۆماری نۆرە